ADEL SNJARY 22 نیسانی 2023 دانراوە ڕیپۆرت بڵاوکردنەوە 22 نیسانی 2023 دانراوە پێناسەیەکی پێویست داتای سپەیشڵ (Spatial data) ئەو داتایانەیە کە ڕەهەندێکی 'مەکانیی'یان هەیە، لە کاتێکدا داتای جوگرافیی (Geo. data) ئەو داتایانە دەگرێتەوە کە پەیوەندییان بە جوگرافیاوە هەیە، کە بریتییە لە زانستی پێکهاتە و دیاردەکانی زەوی، لێرەوە زاراوەی داتای جیۆسپەیشڵ (Geospatial) ئەو داتایانە دەگرێتەوە کە پەیوەندییان بە زەوییەوە هەیە و ڕەهەندێکی 'مەکانیی'یان هەیە.١ کورتەیەک ئەم وتارە هەوڵ دەدات ئارکیتێکچەرێک (architecture) بۆ سیسیتمی زانیارییە جوگرافییەکان لە 'ویب'دا پێناسە بکات و پێویستیی دامەزراندنی ژێرخانێک بۆ داتای سپەیشڵ لە کوردستاندا بخاتە ڕوو. وەک یەکێک لە هەنگاوە سەرەتاییەکانی ئەم پرۆسەیەش، پێشنیارێک دەربارەی دروستکردنی پۆرتاڵێک لەسەر بنەمای پرۆگرامی سەرچاوەکراوە (Open Source) بۆ داتای جیۆسپەیشڵ پێشکەش دەکات. ئەم وتارە دەخرێتە بەردەست فەرمانگەی ئای تی هەرێم، بەڵام وەزارەتەکان و شارەوانییەکان و ئەو دەزگایانەش کە داتای جیۆسپەیشڵیان هەیە دەکرێت کەڵکی لێ وەربگرن. پێشەکی یەکێک لە مەرجەکانی مۆدێرنەکردنی کەرتی گشتیی و کاراکردنی دەزگاکانی بەڕێوەبردن، دیجیتایزکردنی (digitize) پەیوەندیی نێوان ئەم دەزگایانەیە لە نێوان خۆیاندا و لەگەڵ هاووڵاتیاندا. ئەم پڕۆسەیە لە چەند ئاستێکدا ڕەهەندی تەکنیکیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی هەیە و پێویستیی بە داڕشتنی ستراتیژێکە بۆ دیجیتایزکردنی ئەو داتایانەی لەم دەزگایانەدا بەکاردەهێنرێن. قسەکردن لەسەر ئەم ستراتیژە دەکەوێتە دەرەوەی بابەتی ئەم دەقە، مەبەستی سەرەکیی من لێرەدا پێناسەکردنی بونیادی سیستمێک و ناساندنی ئەو ستانداردانەیە کە لەم پرۆسەیەدا یارمەتیمان دەدەن. بەشێکی بابەتەکەش تەرخان کراوە بۆ قسەکردن لە ستراکچەری داتای جوگرافیی و ئەو داتاسێتانەی بە شێوەیەکی گشتیی لە لایەن دەزگاکانی بەڕێوەبردنەوە بەکاردێن٢. کاتێک لە پێداویستییەکانی دامەزراندنی ژێرخانی داتای سپەیشڵ دەکۆڵینەوە، قەبارەی ئەو کارە گەورەیە دەبینین کە ئێمە لە کوردستاندا لەبەردەمماندایە، ئەمە بۆ وڵاتانی ئەوروپاش، کە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابوردووەوە ئیش لەسەر ستراکچەری داتای جوگرافیی دەکەن، ئەگەر کارێکی ئاسان بووایە، دوانزە ساڵیان بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی ئینسپایەر (INSPIRE)، کە ژێرخانی داتای سپەیشڵە لە ئەوروپادا، تەرخان نەدەکرد٣ دەربارەی ژێرخانی داتای سپەیشڵ دامەزراندنی ژێرخانی داتای سپەیشڵ پرۆسەیەکی چەندلایەنەیە، جگە لە داتای جوگرافیی، کە بنەڕەتترین پێکهاتەیەتی، ستانداردی تەکنیکیی و سیستمی زانیاریی و پەیڕەوێک بۆ پەیوەندی نێوان دەزگاکان و بەرهەمێنەرەکان و بەکارهێنەرەکانی داتا دەگرێتەوە. لە ڕێی ژێرخانی داتای سپەیشڵەوە دەتوانین خاوەندارێتیی و بەرپرسیارێتیی داتاسێتە جیاوازەکان، ستراکچەری داتا و ئەو ڕێوشوێن (policy) و سێرڤسانەی بۆ ئاڵوگۆڕکردن و پرۆسێسکردنی داتا بەکاردێن دەستنیشان بکەین. ئەم بابەتە بە کورتیی باسی داتای جوگرافیی و ئەو ستانداردانە دەکات کە لە ئاڵوگۆڕکردنی داتای جوگرافییدا بەکار دێن. نموونەیەکی کلاسیکیی هەیە کە ژێرخانی داتای سپەیشڵ بە کارەبا دەچوێنی، کە لە وێستگەی بەرهەمهێنانی وزە و تۆڕێک بۆ گواستنەوە و چەندەها ئامێر، کە هەریەکەیان بۆ مەبەستێک ئەم وزەیە بەکاردەهێنن، پێک دێت. بۆ ئەوەی کۆمەڵگەکەمان بتوانێت داتای جوگرافیی بەکاربهێنێت، پێویستە داتامان هەبێت، داتای ستاندەرایزکراو کە لە ڕێی ستاندەردەکانی کۆنسۆرتیۆمی جیۆسپەیشڵی کراوەوە (Open Geospatial Consortium | OGC)٤ پەخشبکرێن و لە لایەن ویب و مۆبایل ئەپلیکەیشنەکانەوە (Applications) بەکار بێن. دەربارەی داتای جوگرافیی قسەکردن لەسەر حکومەتی ئیلکترۆنی و دیجیتایزکردنی داتا و پەیوەندییەکانی دەزگا ئیدارییەکان پێکەوە و لەگەڵ هاوولاتییاندا، بە بێ بیرکردنەوە لە دیجیتازکردن و دانانی داتای جوگرافیی لە 'ویب'دا، باسێکی ناتەواوە. ئەوەی وا دەکات پڕۆسێسی دیجیتازکردن تەنها گۆڕینی داتاسێتەکانمان نەبێت لە ئەنەلۆگەوە بۆ دیجیتاڵ، بەڵکو لەهەمان کاتدا پێویست بێت بیر لە ستراکچەر و فۆرمات و ئۆرگەنایزکردنی بکەینەوە، ئەو توانایانەیە کە لەڕێی دیجیتازکردنی داتای جوگرافییەوە دەستمان دەکەوێت، هەر لە توانای نیشاندانی دیاردە و ئۆبجێکەکانەوە بە وردەکاریی جیاواز لە پێوەری جیاوازدا هەتا توانای بەئەنجامگەیاندنی شیکاریی ئالۆز لەڕێی دروستکردنی پەیوەندیی لە نێوان جیۆمێتریی و تایبەتمەندێتییەکانی (Attributes) داتای جوگرافییدا یان پەیوەندیی نێوان شوێن و پێکهاتەکانی دەوروبەرماندا کە لەڕێی مۆبایل ئەپلیکەیشنەکانەوە ڕۆژ بە ڕۆژ بەکارهێنانیان زیاد دەکات. ستراکچەرە جیاوازەکان٥ بە شێوەی جیاواز دیاردە و پێکهاتەکانی سروشت و دەورەبەرەکەمان بەرجەستە دەکەن، بێگومان ئەو دیاردانەی سیفەتێکی بەردەوامیان هەیە، وەک بەرزی و نزمی و پلەی گەرما، باشتر بە وێنە بەرجەستە دەکرێن، لە کاتێکدا پارچەیەک زەوی، بۆرییەکی ئاو، مەنهۆڵێکی زێراب گونجاوترن بە چەندلا، هێڵ و خاڵ نیشان بدرێن. بە جیا لەوەی کام ستراکچەرە بۆ داتا هەڵدەبژێرین، ئەو تەکنیکەی بەکاریدەهێنین بۆ هەڵگرتنی (Save) داتای دیجیتاڵ، فۆرماتی داتاسێتەکەمان پێناسە دەکات.٦ پەیوەندیی داتای جوگرافیی بە شوێنەوە پێویستیی بیرکردنەوە لە چۆنێتیی ئۆرگەنایزکردنی دێنێتە پێشەوە، داتای جوگرافیی دەربارەی ئەو دیاردە و پێکهاتە سرووشتییانەی کە نەبەستراونەتەوە بە سنوورە ئیدارییە لۆکاڵەکانەوە، پرسیار دەربارەی چۆنێتی بەرهەمهێنان، هەڵگرتن و تازەکردنەوەیان دروست دەکات. گرنگیی ئەم لایەنە وای کردووە کە دانانی ڕێوشوێن یەکێک بێت لەو وشانەی لە زۆربەی پێناسەکانی ژێرخانی داتای سپەیشڵدا بەکارهاتووە، لە هەمان کاتدا ئێمە ناتوانین قسە لەسەر داتای جوگرافیی بکەین لە ویبدا بە بێ ئەوەی قسە لەو سێرڤسانە بکەین کە پشتگیریی لە سیستمەکەمان دەکەن وەک سیستمێکی دابەشبوو (Distributed system) قسەکردن لەسەر ژێرخانی داتای سپەیشڵ پێش هەموو شتێک قسەکردنە لەسەر داتای جوگرافیی. ئێمە پێویستمان بەوە هەیە بزانین چیمان داتا هەیە وە چی زانیارییمان/مێتاداتا(Metadata) دەربارەی ئەم داتایە دەست دەکەوێت، لە ڕاستییدا گرنگیی داتای جوگرافیی بەستراوەتەوە بە زانیارییمانەوە دەربارەی خاوەندارێتیی، پێودانگ (Scale)، سیستمی تانوپۆ (Coordinate system)، کواڵیتی، کەی و چۆنێتی بەرهەمهێنان و تازەکردنەوەیەوە. لە هەنگاوی یەکەمدا دەبێت ئەم داتایانە کۆبکرێنەوە، بە مەبەستی پاراستنیان، بەڵام مەبەستی سەرەکیی لە کۆکردنەوەیان دەبێت ستاندەرایزکردن و سێنترەڵایزکردنی داتاکان بێت بۆ ئەوەی لە چەندبارە بەرهەمهێنانەوە و لە چەندجێ تازەکردنەوەی داتاسێتەکان ڕزگارمان ببێت. خاوەندارێتیی و متمانە بەو داتایانەی دەزگایەک خۆی بەرهەمیهێناوە لەپاڵ ڕێگرە ئیداریی و کلتووریی و تەکنیکیی و ئەمنییەکاندا، لە هۆکارە سەرەکییەکانی گرفتی دەستنەگەیشتن بە داتایە. پێویستە لێرەدا دوو خاڵ ڕوون بن: ١. سێنترەڵایزکردنی داتا لە سیستمی دابەشبوودا پێویست ناکات هاوتا بێت بە سەندنەوەی خاوەندارێتیی و بەرپرسیارێتیی لە بەرهەمهێنەرانی داتاسێتانە جیاوازەکان ٢. ئێمە پێویستمان بە پێناسەکردنی ڕێوشوێنە بۆ چۆنێتی دەستگەیشتن بە داتا، چۆن و کێ مافی هەیە دەستی بگات بە کام لە داتاسێتەکاندا گۆڕینەوە و بەکارهێنانی داتای جوگرافیی لە نێوان ئەپلیکەیشنە جیاوازەکاندا، ستاندەرایزکردنی داتای پێویستە، بۆ ئەوەی بتوانین کورتترین یان خێراترین ڕێگە لە نێوان ئادرێسێک لە هەڵەبجە و یەکێک لە زاخۆدا بدۆزینەوە، پێویستە ئەو شێوازەی ئادرێس و جادەکانی پێ پێناسەدەکرێت پێکەوە بگونجێن. هەمەجۆریی سەرچاوە و سیستمەکانی داتا، جیاوازیی تۆپۆلۆجیی وکواڵیتی ئەم کارە ئەستەم دەکەن. نەبوونی زانیاریی دەربارەی بوون، کواڵیتی یان چۆنێتی دەستگەیشتن بە داتا، لە هۆکارەکانی بەکارنەهێنانی داتان. بەڵام پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە کە چەندی ئەو داتایەی هەیە و دەستمان پێی دەگات بەکەڵکی بەکارهاتن دێن؟ داتاسێتە بنەڕەتییەکان کۆکردنەوە ونوێکردنەوەی داتای جوگرافیی کارێکی نە ئاسانە، نە هەرزان. کارێکە پێویستیی بە ئامێری بەتوانا و شارەزایی تەکنیکیی و وزە و کاتێکی زۆر هەیە. ڕێگەکرتن لە چەندبارە بەرهەمهێنانەوەی داتاسێتەکان لەلایەن دەزگا جیاوازەکانەوە بەبێ دانانی ڕێوشوێن و پێناسەکردنی داتاسێتە بنەڕەتییەکان کارێکی گرانە. پێناسەکردنی داتاسێتە بنەڕەتییەکان پێویستی بە لێکۆڵینەوە لە پێداویستییەکانی دەزگا حکومییەکان هەیە بۆ داتای جوگرافیی، هەڵبەتە ئەم پێداویستییەش پەیوەستە بە ئاستی دیجیتازکردنەوە لەم دەزگایانەدا، بەشێوەیەکی گشتیی لە بەڕێوەبردندا ئەم داتاسێتانە بەکاردێن: ١. سنوورە ئیدارییەکان ٢. وێنەی ئۆرثۆفۆتۆ Orthophoto - وێنە کە لە فرۆکەوە گیراوە و ڕاستکردنەوەی جیۆمێتریی بۆ ئەنجامدراوە ٣. ڕووپۆشی زەوی، پێکهاتە سرووشتییەکان و سەرچاوە ئاوییەکان ٤. بەکارهێنانی زەوی و خاوەندارێتیی ٥. داتا دەربارەی دابەشبوونی دانیشتوان ٦. داتا دەربارەی تۆڕەکانی ئاو، ئاوەڕۆ، کارەبا، تەلەفۆن ٧. ئەو داتایانەی پەیوەندییان بە هاتوچۆوە هەیە ٨. تۆماری ئادرێس و ناوی شوێن ٩. داتا دەربارەی بەرزی و نزمی لە ڕووی دەریاوە، Digital Terrain Model و Digital Surface Model بەپێی ئەو زانیارییە کەمەی من هەمە لەسەر چەندێتیی و چۆنێتیی داتای جوگرافیی لە کوردستاندا، بەشێکی زۆری ئەم داتایانە یان دیجیتاڵ نین، یان دیجیتاڵن بەڵام ستراکچەر و فۆرمات وکواڵیتی و پێودانگ و سیستمی تانوپۆی جیاوازیان هەیە، لێرەوە دەتوانین وێنایەکمان هەبێت لەسەر گەورەیی و هەمەلایەنی ئەو ئەرکەی لەم بوارەدا لە ڕێماندایە. چۆنێتیی پەخشکردنی داتا سێنتڕەلایزکردنی داتای جوگرافیی لەگەڵ خۆیدا پێویستیی بەکارهێنانی شێوازی ستاندارد بۆ پەخشکردنی داتا دەهێنێتە پێشەوە. OGC ژمارەیەکی زۆر ستانداردی بۆ داتای جیۆسپەیشڵ پێناسەکردووە، ئەو ستانداردانەی هەر ژێرخانێکی داتای جیۆسپەیشڵ پێویستە پشتگیریی لێ بکات بریتین لە٧: - Web Map Service/WMS: بۆ دەربڕینی داتای جوگرافیی بە شێوەی وێنە - Web Feature Service/WFS: بۆ دەربڕینی داتای جوگرافیی بە GML - Filter Encoding: ستانداردێک بۆ دەربڕینی فیلتەرێک بە XML بۆ داتای جوگرافیی - Web Coverage Service/WCS: شێوەیەک بۆ دەربڕینێکی دیجیتاڵیی ئەو دیاردانەی لەگەڵ کات-شوێندا دەگۆڕێن - Geography Markup Language/GML: دیالێکتێکی XML بۆ دەربڕینی داتای جوگرافیی - Catalogue Service: بۆ پێناسەکردنی ڕووکارێک بۆ دۆزینەوە و گەڕان و داواکردنی مێتاداتا بۆ زانیاریی دەربارەی ئەم ستانداردانە بڕوانە سایتی OGC، پەڕاوێزی ژمارە ٥. ئارکیتێکچەری سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان لە ویبدا ئارکیتێکچەری ویب جی ئای ئێس (WebGIS) بە شێوەیەکی گشتیی لە سێ بەش یان توێژ پێک دێت، ڕووکار (Interface)، سێرڤەری جێبەجێکردن (Application server) لەگەڵ بەشی داتا. بەکارهێنەر لەڕێی بەشی ڕووکارەوە ئەو ئامرازانە بەکاردەهێنێت کە بەشی جێبەجێکار پشتگیریی لێ دەکات، ڕووکار ئەو وەڵامانەش نیشان دەدات کە لە بەشی جێبەجێکارەوە پێی دەگات، هەم نەخشە هەم زانیاریی لە شێوەی تێکستدا. سێرڤەری جێبەجێکردن پەیوەندیی دەکات بە سەرچاوەکانی داتاوە و ئەو پرۆگرامانە لە خۆ دەگرێ کە بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکان، بۆ نموونە وەرگێڕانیی تانوپۆ، شیکاریی داتا و بەرهەمهێنانی نەخشە، پێویستن. بەشی داتا پێک دێت لەو داتایانەی سیستمەکەمان دەستی پێی دەگات، چ لە شێوەی فایلدا، یان داتابەیس یان لە ڕێی ویب سێرڤسەکانەوە. توانای ویبگەڕەکان بۆ گلدانەوەی داتا وهاتنە کایەی ئەو پاکەیجانەی کە دەتوانن هەندێک داتا پرۆسێسکردنی سنووردار لە ویبگەڕەکاندا (Web browser) جێبەجێکەن و پەیوەندیی بکەن بە ویب سێرڤسەکانەوە بۆ داواکردنی نەخشە و زانیاریی جوگرافیی، بڕێک ئەم دابەشکردنە ترادیشناڵانەیەی گۆڕیوە، بەڵام شیکاریی داتا و دروستکردنی ڕاپۆرت و بەرهەمهێنانی نەخشە لە بەشی داتاوە هەر لە لایەن سێرڤەرەوە ئەنجام دەدرێت. گرنگە لە دیزانکردنی ویب جی ئای ئێسدا لەبەرچاومان بێت کە مەرج نییە هەموو داتا سێتەکان لە یەک دەزگادا بەرهەم بهێنرێن و تازە بکرێنەوە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە پێوستە سیستمەکەمان بتوانێت: ١. داتای پۆرتاڵی تر لە ڕێی ویب سێرڤسەوە بەکاربهێنێت ٢. داتاکانی خۆی لە ڕێی ویب سێرڤسەوە پەخش بکات ئەم هێڵکارییەی خوارەوە بەشەکانی سیستمێکی بونیاتنراو لەسەر پرۆگرامی سەرچاوەکراوە نیشان دەدات: http://hemin.dk/gis/Webgis_Architecture.png ئامادەکردنی سێرڤەر و دامەزراندنی پرۆگرامە سەرچاوەکراوە خۆڕاییەکان پێویستیی بە شارەزایی هەیە دەربارەی پلاتفۆرم و پرۆگرامەکان و پێویستییە تەکنیکییەکانی WebGIS، بۆ ئاسانکردنی ئەم هەنگاوانە چەندەها کۆمپانیا سویتی تایبەتیان لەم پرۆگرامانە دروست کردووە و کاری ڕاوێژکاریی لەم بوارەدا دەکەن. لێرەدا هەوڵ دەدەم بە کورتیی باسی دووان لەو سویتانە بکەم کە دەکرێت، لە نەبوونی شارەزایی پێویست لە دامەزراندنی پۆرتاڵی داتای جوگرافییدا، بەکار بێن. ١. ئۆپنجیۆ سویت (OpenGeo Suite) سێ پرۆگرامی بەتوانا لەم سویتەدا هەیە کە هەریەکەیان لە یەکێک لە بەشەکانی پۆرتاڵەکەدا کار دەکەن، بەشی داتا، بەشی سێەڤەری جێبەجێکەر لەگەل بەشی ڕووکار: PostgreSQL(PostGIS), GeoServer (GeoWebcache), OpenLayers ئەم وێنەیەی خوارەوە ئارکیتێکچەری OpenGeo نیشان دەدات: http://hemin.dk/gis/OpenGeo.png خاڵی پۆزەتیفی ئەم سویتە سادەیی پێکهاتە و دامەزراندنێتی. لە هەمان کاتدا کەمیی ژمارەی ئامرەزاکانی گەڕان و توێژینەوەی داتاش یەکێکە لە خاڵە لاوازەکانی. ئەوەی دەستمان دەکەوێت لە کڕینی ئەم سویتە ئەو هەمئاهەنگییەیە کە لە نێوان ئەو پرۆگرامە سەچاوەکراوانەدا دروستیان کردووە و ئەو ڕووکارەش کە یارمەتی بەکارهێنەر دەدات لە هەنگاوەکانی بەرهەمهێنانی نەخشەدا.٨ ٢. سویتێکی تر کە لە دانیمارک لە لایەن زیاتر لە سێیەکیی شارەوانییەکانەوە بەکار دێت و وەزارەتی ژینگەش، کە گەورەترین و ئاڵۆزترین ئینستالەیشنی داتای جوگرافیی هەیە لە دانیمارکدا بەکاری دەهێنێت، 'سپەیشڵ سویت (Spatial Suite)'ە کە ئەم پرۆگرامانە لەخۆ دەگرێت: MapServer, GeoServer, GeoWebCache, OpenLayers, SpatialMap, SpatilEdit, SpatialServerManager, PermissionManager وەک دەبینن بەشێک لە پرۆگرامەکانی سویتەکە هەر ئەوانەن کە OpenGeo'ش بەکاریان دەهێنێت، بەڵام بەشێکی تریان لە لایەن کۆمپانیایەکی دانیمارکییەوە بەرهەمهێنراون. ئەم سویتە ژمارەیەکی زۆر ئامرازی لەخۆ گرتووە و دەتوانرێت بە ئاسانیی ئامرازی نوێی بۆ زیاد بکرێت. گرنگیی ئەم پاکەیجە لەو پرۆگرامانەدایە کە بۆ دیجیتازکردن و کۆنترۆڵکردنی مافی بینین و دەستکارییکردنی دامەزراندن و داتاکانی پۆرتاڵەکە بەکار دێن، لە پاڵ پاکەیجێک بۆ گواستنەوە و وەرگێڕانی داتا لە نێوان فۆرماتە جیاوازەکاندا وە کۆمەڵێکی زۆر ئامرازی ڕووکار بۆ بەئەنجامگەیاندنی شیکاریی و گەڕان لە داتاسێتەکاندا.٩ ئەم هێڵکارییەی خوارەوە بونیادی سیستمەکە نیشان دەدات: http://hemin.dk/gis/SpatialSuite_Architecture.png کێشەی نووسین بە ئەلفبێی عەرەبی و (Encoding) لە بەرهەمهێنانی نەخشەدا یەکێک دەبێت لەو کێشانەی پێویستە کاری لەسەر بکەین بەڵام بەوپێیەی زۆربەی پرۆگرامەکانی بەرهەمهێنانی نەخشە پشیگیریی لە (UTF-8) دەکەن، ئەم کێشەیە کەم تا زۆر چارەسەر کراوە. ئەو تاقییکردنەوانەی من کردوومە دەریخستووە کە MapServer هەندێک لە پیتە کوردییەکان باش نیشان نادات، بەڵام ئەم گرفتە لە GeoServer دا نییە، وەک لەم نەخشەیەدا دەردەکەوێت کە لەڕێی Spatial Suite ەوە نیشان دەدرێت: http://hemin.dk/gis/SpatialMap_2.10.1.png دەرئەنجامەکان ئاشکرایە کە دامەزراندنی پۆرتاڵێک بۆ نیشاندانی ئەو بەشە لە داتای جوگرافیی لە کوردستاندا، کە دیجیتاڵە و زانیارییمان دەربارەی کواڵیتییەکەی هەیە، تەنها یەکێکە لە هەنگاوە سەرەتاییەکان لە ڕێی بڵاوبوونەوەی بەکارهێنانی داتای جیۆسپەیشڵدا. لێرەدا هەوڵ دەدەم پێشنیارەکانی خۆم دەربارەی دامەزراندنی پۆرتاڵێک بۆ داتای جوگرافیی لە کوردستاندا بخەمە ڕوو. ئەوەی لە دیزایکردنی سیستمەکەدا گرنگە، لەبەرچاوگرتنی توانای سیستمەکەیە بۆ فراوانکردن و قەبارەگۆڕین (extensibility and rescaling) کە بە شێوەیەکی گشتیی لە ڕێی پرۆگرامی سەرچاوەکراوە و بەکارهێنانی ستاندەردەکانەوە فەراهەم دەبێت. دامەزراندنی پۆرتاڵێک بۆ داتای جوگرافیی لەسەر بنەمای پرۆگرامی سەرچاوەکراوەی خۆرایی پێویستی هەیە بە: ١. ئامادەکردنی ژینگە (Environment) بۆ پرۆگررامەکان لە سێرڤەرێکدا وە دامەزراندنی ویب سێرڤەرێکی وەک 'ئەپاچە' (Apache)١٠ ٢. دابەزاندن و دامەزراندنی ئەو پرۆگرام و پاکەیجانەی کە پێویستە لە بونیادی پۆرتاڵەکەدا هەبن، بە لایەنی کەمەوە پۆستگرێس/پۆست جیئایئێس (PostgreSQL/PostGIS)، جیۆسێرڤەر (GeoServer)، ئۆپنلەیەرس (OpenLayers). دیزانکردنی داتابەیس و دیارییکردنی ڕۆڵەکانیش (roles) دەکرێت بەشێک بن لەم هەنگاوە (بێگومان پێویستە لەم کاتەدا زانیارییمان لەسەر ئەو داتایانە هەبێت کە لە پۆرتاڵەکەدا بەکار دێن). ٣. ئامادەکردنی سکریپت بۆ پرۆسێسکردنی داتا و گواستنەوەی بۆ داتابەیس، بۆ ئەم مەبەستە دەتوانین کەڵک لە پاکەیجێکی وەک (GDAL) وەربگرین. ٤. دامەزراندنی پرۆگرامە جێبەجێکارەکان، بۆ بەکارهێنانی داتاسێتەکانمان و پەخشکردنیان. ئەم هەنگاوە پێناسەکردنی ستایڵ وکارتۆگرافیی نەخشەکانیش دەگرێتەوە ٥. پێناسەکردن و دامەزراندنی ئامرازەکانی ڕووکار، دیارییکردنی دیزاین و ئامڕازەکانی پۆرتاڵەکەمان ئەڵتەرناتیڤێک بۆ ئاسانکردنی بەشێک لەم کارانە، کڕینی ئەو سویتی پرۆگرامانەیە کە هەندێک لەو کۆمپانیایانەی لە بواری سیستمی زانیارییە جوگرافییەکاندا کار دەکەن، بۆ ئەم پۆرتاڵانە دروستیان کردووە. پەڕاوێزەکان ١. زۆرجار ئەم وشانە لە جێی یەکتری بەکار دەهێنرێن، لەبەرئەوەی زۆربەی کات مەبەستمان لە جیۆداتایە کاتێک دەڵێین سپەیشڵ داتا، لە کاتێکدا لە دەزگایەکی وەک ناسا (NASA)دا دەکرێت ئەم وشانە مانای جیاواز بگەیەنن. ٢. ئەو داتاسێتانەی لەم وتارەدا ناوم بردوو ن ئەوانەن کە لە دانیمارک بەکار دێن، بەڵام ئەگەر سەیری داتاسێتەکانی ئینسپایەر بکەین، لەوێش دەیانبینینەوە، بڕوانە ٣. بۆ زانیاریی زیاتر دەربارەی پرۆژەی ئینسپایەر بڕوانە http://inspire.jrc.ec.europa.eu/index.cfm ٤. بۆ بینینی لیستی ستاندەردەکانی OGC ٥. بە شێوەیەکی گشتیی دەتوانین قسە لەسەر دوو شێوەی جیاواز لە ستراکچەری داتای جوگرافیی بکەین، ڤێکتەر (vector) و ڕاستەر (raster). ڤێکتەر تەنەئەندازەییەکانی خاڵ و هێڵ و چەندلا بەکاردەهێنێت بۆ بەرجەستەکردنی پێکهاتەکان، لە کاتێکدا ڕاستەر لە خشەیەک خانەی چوارگۆشە، کە هەر خانەیەک بەهایەکی هەیە، پێک دێت، نموونەیەکی باش بۆ ڕاستەر داتا، وێنەی دیجیتاڵییە. ٦. دەکرێت ئەم فۆرماتە شەیپی ئێسری (ESRI shape)، تیف (TIF)، داتابەیسێک یان هەر فۆرماتێکی تر بێت. ٧. ئەمانە ئەو سێرڤسانەن کە ڤێرشنی ٢ ی ژێرخانی داتای سپەیشڵ داوای دەکات، لە ڤێرشنی ٣دا، کە هێشتا لە بواری لێکۆڵینەوەدایە، بەلایەنی کەمەوە WPS یش پێویستە. ٨. ئەم سویتە بە چەند پاکەیجێکی جیاواز دەفرۆشرێت، لایسینسەکەی لە ٥٠٠٠ – ٩٨٠٠٠ دۆلاری ئەمریکییە. بۆ زانیاریی زیاتر، دەتوانن سەیری سایتەکەیان بکەن، ٩. نرخی هەموو پرۆگرام و مۆدیولەکانی سویتەکە ١٢٠٠٠٠ هەزار دۆلار و لایسینسی ساڵانەی ٣٠٠٠٠ دۆلارە، بەڵام دەتوانرێت تەنها ئەو بەشانەی سویتەکە بکڕڕێت کە کوردستان پێویستی پێیەتی، بۆ زانیاریی زیاتر دەکرێت پەیوەندییان پێوە بکرێت، بڕوانە سایتەکەیان. ١٠. یان 'ئینتەرنێت ئینفۆرمەیشن سێرڤسس' (Internet Information Services)ی مایکرۆسۆفت، کە ئەمەیان بێگومان سەرچاوەکراوە و خۆڕایی نییە. سەرچاوەکان - Internet GIS: Distributed Geographic Information Services for the Internet and Wireless Networks, Zhong-Ren Peng, Ming-Hsiang Tsou, John Wiley and Son Inc., 2003 - An Architecture for Geographic Information Systems on the Web - webGIS - Developing Efficient Web - based GIS Applications - http://inspire.jrc.ec.europa.eu - http://www.fotdanmark.dk - http://www.opengeospatial.org - http://gis.stackexchange.com سایتی ئەو پرۆگرام و پاکەیجانەی ناویان هاتووە http://www.postgresql.org http://postgis.net http://geoserver.org http://mapserver.org http://openlayers.org http://www.gdal.org http://opengeo.org http://www.spatialsuite.dk ---------------------------------------------------------- لە ژمارە ٥٦ی زانستی سەردەمدا بڵاوبووەتەوە 2 وەرگرتن بەستەری تێبینی لە ماڵپەڕی تر بڵاوی بكەرەوە بژاردەی بڵاوکردنەوەی زیاتر...
کارێز 4 ئایاری 2023 دانراوە ڕیپۆرت بڵاوکردنەوە 4 ئایاری 2023 دانراوە ئەم بابەتە تا ڕادەیەك ئەدڤانسە و پێویستە کەسانی پسپۆر لێی تێ بگەن. من هەموویم خوێندەوە بەڵام زۆر سەرم لێی دەرنەکرد. دەست خۆش بۆ بابەتەکانت. 1 وەرگرتن بەستەری تێبینی لە ماڵپەڕی تر بڵاوی بكەرەوە بژاردەی بڵاوکردنەوەی زیاتر...
پێشنیاز کردنی بەشداری
بچۆرە ناو گفتوگۆکەوە
دەتوانی نوسین دابنێی و دواتر تۆمار بکەی. ئەگەر هەژمارت هەیە، بچۆرە ناوەوە بۆ ئەوەی لە ڕێی ئەو هەژمارەوە پۆست بکەیت.